سەردێڕ:

یونایتد میکس میدیا ڕاگەیەندراوێکی ئاراستەی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان کرد

فۆتۆ: 
2018-05-24

24644 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای یونایتد میکس میدیا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆدکردنی پەخشی کەناڵەکان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنیانە کرد کە لە تۆڕی DVBT/T2 بەشدارن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە بەرواری ١٩ی ٥ی ٢٠١٨وە ، یونایتد میکس میدیا دەستیکردووە بە کۆدکردن (تشفیر)ی سەرجەم کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە سەنتەری شارەکانی هەولێر و سلێمانی و سیستمی پەخشی ئەو دوو شارەی هاوتاکردووە لەگەڵ سەرجەم ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان".

ئاماژە بەوەش کراوە، "گۆڕینی پەخش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کوالیتی پەخش و جێگیرکردنییەتی لە سەرجەم ناوچەکان."

کۆمپانیای یونایتد میکس میدیا داواشی لەو کەناڵە تەلەفزیۆنیانە کردووە کە لە تۆڕی DVBT/T2 بەشدارن، بینەرانیان ئاگاداربکەنەوە لەوەی کە لە ڕۆژی ٢٦ی ٥ی ٢٠١٨ تا ٢ی ٦ی ٢٠١٨ پەخشی کەناڵەکانیان دەکرێت بە کۆد، واتە تەنیا لەسەر رسیڤێرەکانی یونایتد میکس میدیا دەبینرێن کە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەستدەکەون.

ش.ق